Hjem


رۆژی شەممە رێکەوتی 24.09.2016 یەکێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ کۆنفرانسی سێزدەهەمی خۆی پێک هێنا. سەرەتای کۆنفرانسەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەیرەقیب و هەروەها دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ریز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد.

بەڕێز چالاک قادری بەرپرسی پێشوی یەکێتی لاوان لەو وڵاتە دوای بەخێرهینانی بەشداران بە پەیامێکی کورت کۆنفرانسەکەی کردەوە. دواتر بەڕێز کاک ساڵح وەلیزادە بەرپرسی گشتی تەشکیلات بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ چەند وتەیەکی سەبارەت بە ئەرک و وەزایفی ئەندامانی ئەو رێکخراوەیەو هەروەها لە مەر رۆڵ و دەوری لاوان لەو وڵاتە پێشکەش بە بەشداران کرد. بەڕێزیان لە درێژەی وتەکانی دا خۆشاڵی خۆی دەربڕی کە یەکێتی لاوان لەو وڵاتە توانیوێتی لەو ماوەدا کارەکانی خۆیان بەسەرکەوتویی راپەڕێننو هەروەها هیواشی خواست کە لاوەکان بتوانن بەردەوام زیاتر لە جاران هەوڵەکانی خۆیان بۆ زیندوو کردنەوەو چالاکی هەرچی زیاتری ئەو رێکخراوە بخەنە گەڕ.

پەیامی بەڕێز مێهرداد خوسرەوی بەرپرسی کۆمیتەی گشتی بەڕێوەبەری لاوان لە دەرەوەی وڵات. بەڕێز خوسرەوی سەرەتا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی بەشدارانی کۆنفرانس کرد. بەڕیزیان لە درێژەی قسەکانی دا ئیشارەی بە نەخش و رۆڵی لاوان لە راسانی ئەو جارەی حیزبەکەمان لە ناوخۆی کوردستان کردوو هیوای خواست کە لاوان لە دەرەوەی وڵاتیش بتوانن دەوروو کاریگەری زیاتریان بە نیسبەت ئەو جوڵانەوە هەبێ.


بەڕێزوو تێکۆشەر کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبەکەمان لە رێگای سکایپەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیامی خۆی پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کردوو وە هیوای خواست کە لاون بتوانن وەکوو سەرمایەی دوارۆژی ئەو گەلە خۆیان زیاتر لە کاری بەڕێوەبەری و رێکخراوەیی دا بار بێنن. ئەو خۆشاڵی خۆی دەربڕی کە توانی ئەو دەرفەتەی بۆ برەخسێ  تاکوو بتوانی بەشداری کۆنفرانسی لاوان بێ و پەیامی خۆی بە ئەوان بگەیەنێ.


بە دوای کۆتایی هاتنی پەیام و وتەکان کۆنفرانس بە رەسمی کارەکانی خۆی بۆ پێشکەش کردنی راپۆرت و هەروەها دارشتنی پلان بۆ یەک ساڵی داهاتوو دەست پێکرد. سەرەتا دەنگی مەشروعیەت بۆ کۆنفرانس وەرگیراو وە دوابەدوای ئەو بەڕێوەبەری پێشوی لاوان راپۆرتی کاروو چالاکی خۆیان لە یەک ساڵی رابردوودا هێنایە بەر باس. ئەوەی کە لە راپۆرتەکەدا جێگای سەرنج بوو ئەوەبوو کە لاوان لەو ماوەدا لە چەندین شاروو ناوچەی ئەو وڵاتە هەوڵی دانان و هەروەها هاوکاری ماددی بۆ بەرێوەچونی کۆرسی زمانی کوردی بۆ لاوان و مناڵانی کورد لەو وڵاتەیان داوە. هەروەها بەڕێوەبەری لەو ماوەدا توانیوێتی پێوەندی بە چەندین رێکخراوی چالاک لە بوارەکانی لاوانەوە لەو وڵاتە دابمەزرێنێ و وە بەشداری لە چەندین سمیناروو کۆڕی پێوەندیدا بە مافەکانی منداڵان، ژنان و هەروەها ژینگە پارێزی بکەن.


لە بڕگەیەکی تری کۆنفرانس دا بەشداران راوبۆچونی خۆیان لەسەر راپۆرتەکە هێنایە بەر باس. دوای پشوی نان خواردن بەشداران بەردەوام بون لە پێسنیاروو بۆچونەکانیان بۆ شێوە بردنە پێشی کارو چالاکی لاوان بۆ یەک ساڵی داهاتوو. لە بڕگەی کۆتایی کاری کۆنفرانس دا نۆرە گەیشتە هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری یەکێتی لاوان لەو وڵاتە کە لەو بەشەدا پێنج کەس وەک ئەندامی ئەسڵی و دوو کەسیش وەکوو جێگر دیاری کران.
شایانی باسە کە کۆنفرانسی ١٣هەمی لاوان لە نۆڕوێژ بە کۆنفرانسی " نەوەی راسان" ناودێر کراو لە لایان بەشداربوانەوە بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرا.

پێویستە بکوترێ کە یەکێتی لاوان لە ماوەی کاری کۆنفرانسەکەیان دا کە لە ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٣ی سێپتامبر تاکوو پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ٢٥ی سێپتامبر چەندین چالاکی و کۆڕی سەرنجراکێشیان بۆ لاوەکان پێکهێنابوو. یەکێک لەو کٶڕانە بە بەشداری بەڕێز ئەفراسیاب گرامی بەڕێوەچوو. بەڕێزیان لەو بەشەدا توانی بە شێوەیەک باسەکە بکاتەوە کە تێکڕای بەشداران تا کۆتایی بە نەزەرو بۆچونەکانیان بەشداری باسەکەی بن. بابەتەکەی بە گشتی بریتی بوو لە پێناسەیەک لە پێداویستیە سەرەتاییەکانی هەر کۆمەڵگایەک، وە پاشان هەڵسەنگاندنێک لە جیاوازی نێوان کۆمەڵگای رۆژئاوایی وە کۆمەڵگای وڵاتانی دواکەوتوو دیکتاتۆر دا. هەر لەو پێوەندێدا بە وردی چووە سەر بەشێک لە ژیان و مەوقعیەتی مناڵ و لاوان لە کۆمەلگای مۆدێرن وە ژیانی رۆژانەی مناڵانی کوردستان لە ژێر زوڵم و ستەمی داگیرکەراندا.

یەکیتی لاوانی دێموکراتی کوردستان ئێران-نۆڕوێژ
28.09.2016

Submit to DeliciousSubmit to DiggSubmit to FacebookSubmit to Google PlusSubmit to StumbleuponSubmit to TechnoratiSubmit to TwitterSubmit to LinkedIn